برای شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بەپێێ هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، شەوی ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی کاک “مستەفا عەبداڵێ” بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردوە.
کاک “مستەفاعەبداڵی” هەر لە تەمەنی لاوەتیدا ئۆگری کوردایەتی بوو، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئیران یەکێک لە ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سندووسی نەغەدە بوو و لەسەرەتای شۆڕش لە گوندی “خەلیفەلیان” شوڕای حیزب بوو، هەر لەبەر ئەوە زستانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە گیرا و دوای زیاتر لە ٢٦ مانگ زیندانی بە زەمانەت ئازاد کرا.
ناوبراو لە ماوەی ئەو ٤١ ساڵەی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا بە دەیان جار بانگ کراوە بۆ ئیدارەکانی ئیتلاعاتی مەهاباد، ورمێ و نەغەدە و لێپێچینەوەی لێکراوە. کاک مستەفا وەک کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر هەمیشە هاوکارێکی دڵسۆزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بوو و لەو ڕێگەیەدا ئەزیەت و ئازارێکی زۆری چێشت.
کاک مستەفا برای کادری تێکۆشەری حیزبەکەمان شەهید “مەنسوورعەبداڵی” بوو کە بەهۆی پیلانێکی خۆفرۆشانەوە کەوتە داوی دژمن و لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی جەللادەکانی ڕێژیمی ئاخوندیدا گیانی لەدەستدا. هەر لەم بنەماڵەیەدا “ڕەحمان عەبداڵی” و “عەزیمە عوسمانی” لە ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەیاندا گیانیان بەخشی و چوونە نێو ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەکەمانەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خاتوو “مریەم عەبداڵی” خوشکی کاک مستەفا و بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











