لە بڕیارێکی تازەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە زۆرەملی حیجاب بەسەر بەکارهێنەرانی ئینستاگرام دا سەپاوە و بە پێی ئەم بڕیارە هەرکەس لەو وێنانەی بڵاوی دەکاتەوە سەرپۆش بەسەریەوە نەبێ لێپرسینەوەی لێ دەکرێ.
“پۆلیسی فتا” باسی لە دەسبەسەرکردنی ٣٢٠ کەس کرد لەو کەسانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکیان هەیە و پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون و ڕایگەیاند بۆ ئەو کەسانەی کە لە ئینستاگرامدا قژ و پرچیان داناپۆشن لێپرسینەوەی توند دەکەین.
هەروەها “ڕامین پاشایی”، جێگری پۆلیسی فەتا، گوتی ” لە پێوەندی لەگەڵ حیجاب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێویستە بڵێین بە هۆکاری ئەوەی کە دژی نەریتەکانە و نەگونجاوە بە سەرپێچی دێتە هەژمار.”
پێشتریش هەر لەم پێوندییەدا، “تورەج کازمی” بەرپرسی پۆلیسی فەتا گوتبووی بڵاوکردنەوەی وێنەی شەخسی بە جلوبەرگی نەگونجاو لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا تاوانە.
شایانی باسە، هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو پێشێلکارییانەی مافی ژنان کە بە دیاری بۆ ژنانی هێنا سەپاندنی حیجابی زۆرەملی بوو، حیجابێک کە ژنان دوور لە ویست و حەزەکانی خۆیان بەسەریاندا سەپاوە و لەم پێوندییەشدا ژنان لە چەندین کەمپەین و هەڵوێستدا بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە سەر شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرپۆشەکانیان فڕێداوە و، لە ئاکامدا لەگەڵ توندوتیژی و بێڕێزی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووبوونەوە و بەشێک لەو ژنانەش هەر بەم تاوانە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان.