پێنج هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەرپیڵی زەهاو لە ئاگردا سووتا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی بەشێکی بەرچاو لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو لە ئاگردا سووتاوە.
شایانی باسە، ساڵانە بەشێکی زۆر لە دارستان و لێرەوارەکانی کوردستان و هەروەها زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ئاگردا دەسووتێن.
دارستانەکانی کوردستان کە سەرچاوەیەکی گرینگی ئابووری و سروشتی جوانی کوردستانن و لە لایەکی تریشەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان کە موڵکی خەڵکی ئەم ناوچانەن و بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان بەستراوەتەوە بەو بەرهەمانەی لەو زەوییە کشتوکاڵیانەوە دەستیان دەکەوێ، بەڵام هەرجارە بە شێوەیەک و بە بیانوویەکی جیاواز بەشی زۆری ئەم شوێنانە ئاگر دەدرێن و دەسووتێندرێن.
جێی ئاماژەیە، لە کوردستاندا ئەرکی پاراستنی ژینگە و هۆشیار کردنەوەی خەڵک لە پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ژینگە بۆتە ئەرکی ژینگەپارێزان و ژینگە دۆستان لە ڕێکخراو و ئەنجومەنە ژینگە پارێزییەکان و دەوڵەت هیچ هاوکارییەکیان ناکات و ئەوانیش بەدەستی بەتاڵ و نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی ئاگرکوژێنەوە زۆربەی کات توانای کۆنتڕڵکردنی ئاگرەکانیان نییە.











