لە ئێران و کوردستان شوێنەوارە مێژووییەکان بەهۆی کەمتەرخەمی کاربەدەستان و لەلایەن باندەکانی مافیا لەناو دەچن.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەری “چاونیوز”دا بڵاوکراوەتەوە، کلیسای “مارگابرییەل”ی ئەرمەنییەکان، لە گوندی “ئەردیشە”ی ورمێ، بەهۆی کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندییدارەکانی حکوومەتی ئێرانەوە خەریکە لەناو دەچێ.
مێژووی ئەو کلیسایە بۆ سەدەی ١٩ی زایینی دەگەڕێتەوە و کەسانێکی بەرژەوەندیخواز بۆ دەرهێنانی کەلوپەلی کۆن و قەدیمی، ئەو ئاسەوارە مێژووییەیان تێک داوە.
ئەو کلیسایە لە بەشی باشووری شاری ورمێ و گوندی “تازەکەند” هەڵکەوتوە، هیچ ناو و نیشانێک لە سەر مێژووەکەی، لە هیچ کتێب و سەرچاوەیەک دەست ناکەویت.
پانتایی ئەو کلیساییە نزیکەی ١٠٠ میترە و بە مەودایەکی ٢ میتری تێلدڕوو کراوە و هیچ پارێزراوەییەک بۆ ئەو شوێنە مێژووییە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی لە بەرچاو نەگیراوە.
کلیسای گوندی تازەکەند، بەهۆی پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمی بەرپرسانی حکوومەتی، ئەگەری لەناوچوونی یەکجار زۆرە.
شایانی باسە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت لە ماوەی ڕابردوودا چەندین شوێنەواری دێرین و پەرستگەی سەر بە نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانی دیکە لە کوردستان و ئێران یان ئاگریان تێبەردراوە یان شێوێندراون و بە گشتی ئەم ئاسەوارانە لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ بایەخێکیان پێ نادرێ.
کاربەدەستانی ڕێژیم و مافیاکانی سپای پاسداران دەیان ساڵە خەریکی دزین و ڕاووڕووت و بە تاڵان بردنی کانزای ژێر زەوی کوردستان، دارستان و کەلوپەلە مێژووییەکانن و ماوەی چەند مانگێکە ئەم دزی و بە تاڵان بردنە لە کوردستان زیادی کردوە.











