لە سەرەتای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە تا ئێستا لە ئێران ٧٠٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەو ئامار و زانیارییانەی کە وەزارتی تەندروستیی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ١٢٢ هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ٧٠٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەو ئامار و زانیارییانەی کە لە ناوەندە سەربەخۆکانەوە بڵاو دەکرێنەوە زۆر زیاترن لە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم و بێجگە لە لایەنە ناحکوومییەکانی نێوخۆی ئێران، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئەم ئامارانەی ڕێژیم بەڕاست نازانێ و دەڵێن مردنی خەڵک و تووشبوانی کۆڕۆنا لە ئێران زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستاش پەتای کۆڕۆنا هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە، بەڵام بەهۆی داڕمانی ئابووریی ئێران، بێکاری، برسیەتی و نەداری، پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمی کاربەدەستانی ڕێژیم، خەڵک بە ناچار ڕوویان کردۆتەوە بازاڕی کار و حکوومەتیش داوای کردووە کە خوێندنگە و بازاڕەکان بکرێنەوە. کرانەوەی بازار و خوێندنگەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵكێکی زۆرتر تووشی پەتاکە بن و ئاماری مردووان و تووشبووان ڕۆژبەڕۆژ دەچێتەسەر و ڕێکارە تەندروستییەکان لەبەرچاو ناگیرێن. لەگەڵ سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە تا ئێستا، نەبوونی و نەداریش بۆتە یەکێک لەهۆیەکانی تووشبوونی خەڵکی برسی لە بازاڕەکانی کاردا کە بۆ پەیداکردنی بژیویی ژیان ماڵەکانیان جێهێشتوە.