باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی کاک” ڕەحمەتوڵڵا زەهابی” خەڵکی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردوە.
کاک “ڕەحمەتوڵلا زەهابی” پیاوێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری ناوچەی مەهاباد و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو. کاک ڕەحمەتوڵڵا لە ڕێگەی ئازادی و ڕزگاری گەلی کورددا سێ کوڕی لە مەیدانی پێشمەرگایەتیدا و لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئازایانە و قارەمانانە خەباتیان کرد. دوو ڕۆڵەی فیداکاری کاک ڕەحمەتوڵڵا بە ناوەکانی “ئیسماعیل زەهابی” و “مستەفا زەهابی” لە ڕێگەی ئازادی نەتەوەی کورد سەریان نایەوە و چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلی کوردەوە. ئەوان لەو ڕێگەیەدا ئەوەی لە دەستیان هات بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەیان درێغیان نەکرد و تا کۆتایی تەمەن دژ بە داگیرکەرانی کوردستان جەنگان و بەرگرییان لە خاک و ماف و ئازادییەکانی گەلەکەمان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک ڕەحمەتوڵڵا زەهابی و خزم و کەسوکاری و هاوڕێمان کاک ڕزگار زەهابی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











