ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲٨ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، بەشێک لە چالاکان و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بۆکان، بە کۆبوونەوە لە بەر ماڵی سەید ڕەحیم بەدەوی، لە ڕێوڕەسمێکدا، وێڕای دەربڕینی هەستی هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆیان، کارەساتی دڵتەزێنی کۆچی دوایی ئەو مامۆستا نەمرەیان لە بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان دەربڕی و ڕێزیان لە زەحمەت و تێکۆشانی لەخۆبردووانەی مامۆستای کۆچکردوو گرت.
بەپێی بڕیاری ڕۆژی پێشووی چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بۆکان، بۆ ڕێزگرتن لە چالاکی و زەحمەتی بێوچانی چەندین ساڵەی سەید ڕەحیم بەدەوی، ناسراو بە باوکی ژینگەپارێزیی بۆکان و دامەزرێنەری یەکەم ڕێکخراوەی ژینگەپارێزی لەم شارە، بە کۆبوونەوە لەبەر ماڵی ناوبراو، بە پێشکەشکردنی وتار و خوێندنەوەی بەیاننامە، هەست و پێزانینی خۆیان بۆ تێکۆشان و فیداکاریی ئەو گەورە پیاوە پێشان دا و بەڵێنیان دا بۆ هەمیشە وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی مامۆستای ژینگەپارێزیان بمێننەوە.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، پەیام و بەیاننامەی چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بۆکان، لەلایەن ئەمیر پیادەوە پێشکەش کرا.
پاشان لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا هەرکام لە مامۆستایان؛ مستەفا ئیلخانیزادە، ئەمین گەردیگلانی، شوانە و مەسعوود کوردپوور، وێڕای دەربڕینی هەستی هاوخەمی، لەسەر کەسایەتی و گەورەیی مامۆستا بەدەوی وتاریان پێشکەش کرد و چالاکی و زەحمەتەکانی ئەو بەڕێزە لە بواری پاراستن و پارێزگاری لە سروشت و ژینگەی شارەکەیان بەرز نرخاند.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، ئەمیر پیادە، وەکوو بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، بە نوێنەرایەتی لە هەموو لقەکانی ئەم فێرگەیە، کە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات چالاکن، پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستە کرد و خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی مامۆستا بەدەوی، بۆ پارێزگاری و داکۆکی لە سروشتی نیشتمانەکەمانی بەرز نرخاند.
پاشان هەموو بە یەکەوە بەرەو گۆڕستانی شاری بۆکان وەڕێکەوتن و وێڕای دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆکەی، بۆ دوایین جار ماڵاواییان لە مامۆستای پایەبەرز و یەکەم پارێزەری ژینگە لەو شارە کرد.











