نوێنەرێکی مەجلیسی ئەفغانستان ڕایگەیاند، کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵکی خۆی بە ئاسانی دەکوژێ, نابێ چاوەڕوانیمان لێیبێ کە ئەفغانییەکان نەکوژێ.
“مریەم سەما” نوێنەری مەجلیسی ئەفغانستان سەبارەت بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ۱٨ ئەفغانی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەڵێ: “حکوومەتێک کە ڕۆڵەکانی خۆی تەنیا لەبەر ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە ئاسانی تیرباران دەکا چۆن دەبێ چاوەڕوانی مرۆڤایەتی و پاراستنی مافی دراوسێیەتی و مافی مرۆڤت لێی هەبێ”.
مریەم سەما کە ڕۆژی یەکشەممە ۲٨ی بانەمەڕ لە مەجلیسی ئەو وڵاتەدا قسەی دەکرد گوتی: “ئێمە پێچەوانەی تالیبان کە داوای بەزەیییان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو، داوای بەزەیی ناکەین، داوای پاراستنی مافی دراوسێیەتی و مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە گیانی مرۆڤەکان دەکەین، هەرچەند ئەوەش کارێکی هەڵەیە داوای ئەو شتانە لە ڕێژیمێک بکەی کە خەڵکەکەی خۆی بە ئاسانی و تەنیا لەبەر ناڕەزایەتی دەربڕینێک گوللـەباران دەکا” .
شایانی باسە کە ماوەیەک لەمەوبەر هێزەکانی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی لە سنووری ئەفغانستان و ئێران پەنجا کەسی ئەفغانی پاش ئەشکەنجە و بێڕێزی دەخەنە نێو ئاوی هەریڕوودەوە کە تا ئێستا تەرمی ۱٨کەس دۆزراوەتەوە.












