بە پێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ لە سووریە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر بنکەیەکی سەربازی لە سووریە حەوت کەس کوژراون و چەند کەسی تریش بریندار بوون.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو ناوەندە، هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بنکەیەدا جێگیر کرابوون.
چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە لەندەن، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەری ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەر بنکەیەکی سەربازی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێ لە نزیک عێراق کردۆتە ئامانج و ژمارەیەک لەوان کوژراون و برینداربوون.
بە وتەی چالاکانی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە بریتانیا، ئەو هێرشە کە ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ،لە نزیک شاری ” ئەبوکەمال” کراوەتە سەر ئەو بنکە سەربازییە و حەوت کەس کوژراون، هەر لەم پێوەندییەدا “عومەر ئەبولیلە”، یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤی ئورووپا لە پارێزگای “دیرەزوور” لە سووریە، ئەو هەواڵەی پشڕاست کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە ئەو هێزانە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێ و بە گوتەی ناوبراو ئەگەری زۆرە کە ئیسرائیل لە پشت ئەم کردەوەیە بێ، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمە لەبەردەستدا نییە و ئیسرائیلیش لەم پێوەندەییەدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
جێی ئاماژەیە، لە ١٥ی بانەمەڕیشدا هێرشێکی لەم شێوەیە لە سووریە کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ١٤ چەکدار کوژران.












