“یاسر ئەمینی ئازەر”، چالاکی سێنفی مامۆستایانی مەهاباد، بۆ تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.
ئەو مامۆستایە پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ١٥ مانگ زیندانی مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە.
ناوەندی شۆرای هاوئاهەنگی پێکهاتەکانی سێنفی فەرهەنگی لە ئێران ڕایگەیاندووە، ناوبرا و بە تۆمەتی بەشداریکردن لە مانگرتنی سەرانسەری مامۆستایان دەسبەسەر کراوە.
یاسر ئەمینی ئازەر، ١٧ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە کاتی هاتنە دەرەوە لە قوتابخانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا، دواتر بۆ گرتوخانەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و ٣٠ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاوی بە بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، مامۆستایان لەو چین و توێژانەی کۆمەڵگەن لە ئێراندا کە بەردەوام مافەکانیان پیشێل دەکرێ، هەر بۆیە تا ئێستا بۆ چەند جارێک خۆپێشاندان و مانگرتنی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا لە پێوندی لەگەڵ پێشێل کردنی مافەکانیان و پێنەدانی مووچەکانیان بەڕێوەچووە و لە ئاکامی ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەشدا زۆرێک لە مامۆستایان دەسبەسەرکراون یان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.











