“ئەنجومەنی سێنفی سینەماکاران” لە ئێراندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هاوکاری نەکردنی کاربەدەستانی وڵات بێهیوا بوون.
” محەممەد قاسد ئەشرەفی” بەرپرسی ئەنجومەنی سێنفی سینەماکاران لە ئێران باسی لە دۆخی خراپی ناوەندەکانی سینەما لە دۆخی قەیراناوی کۆرۆنادا کردوە و گوتویەتی: “هیچ ڕێگە چارەیەک بۆ ئێمە لەبەرچاو نەگیراوە و ئێمە جیا لە کردنەوەی سینەماکان هیچ چارەیەکی ترمان نییە و لە هەموو کەس و لایەنێکی دەوڵەت بێهیوا بووین و هەر قسەیەکی گوێمان لێ دەبێ جگە لە دروشم هیچی تر نییە.
ناوبراو هەروەها بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە باسی لە هاوکاری ١٠ میلیۆن تمەنی ڕێکخراوی سینەمایی بۆ هەر ساڵۆنێکی سینەما کردوە و گوتویەتی: ” ١٠میلیۆن تمەن بە قەرزی ٦ مانگە چ دەردێکی ئێمە دەرمان دەکا؟”، لێرەدا دەبێ دەوڵەت پشتگیری بکا، شوێنی کاری ئێمە داخراوە و لە هەموو شوێن و لایەنێک بێهیوا بووین.
شایانی باسە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا و تەشەنەسەندنی بە هەموو شار و ناوچەکاندا، بێ پلانی و بێ بەرنامەیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وایکرد بەشی زۆری خەڵک و ناوەندەکانی کارکردن کارەکانیان لەدەست بدەن و لەم پێوەندییەشدا هیچ ڕێگە چارەیەک بۆ ئەو کەسانە نییە و تەنانەت دەوڵەت ئامادە نییە لەم دۆخە قەیراناویەدا کە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لە ژێرهێڵی هەژاریدا دەژین و کار و کاسبیان لەدەست داوە هاوکاریان بکات.