لە درێژەی ئاگرتێبەردانی شوێنە پیرۆزەکانی ئایین و ئایینزاکانی دیکە لە ئێراندا لە لایەن کەسانی سەر بە حکوومەتەوە و بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنیان، پەرستگەی هێندووەکان لە بەندەرعەباس ئاگری تێبەردرا.
بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی بەندەرعەباس بە هەواڵدەریی ” تەسنیم”ی گوتوە کە ئاگرەکە لە کاتی نیوەڕۆ بووە و لەسەتا ٨٠ی پەرستگەکە لە ئاگردا سووتاوە.
شایانی باسە کە چەند ڕۆژ پێشتریش لە هەمەدان شوێنی پیرۆزی جووەکان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا کە ناڕەزایەتی جیهانیی لێکەوتەوە .
جێگای ئاماژەیە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا مەزهەبی شیعە دەتوانێ ئازادی تەواوی هەبێ و هەڵاواردنێکی مەزهەبی و ئایینی لەدژی ئایین و ئایینزاکانی دیکە هەر لەسەرەتای هاتنەسەر کاری ئەو ڕێژیمەوە بەشێوەی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ.