“فیلیسین کابووگا”، تاوانباری سەرەکیی جینایەتی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ڕواندا لە فەرانسە دەسبەسەرکرا.
تاوانباری سەرەکی پاکتاوی نەتەوەیی تووتسییەکان لە ڕواندا ” فیلیسین کابووگا” کە لەساڵی ١٩٩٤ لەو وڵاتەدا بە پشتیوانی دارایی لە میلیشیاکانی “هۆتۆ” دەستێکی باڵای هەبووە لە کوشتنی ٨٠٠ هەزارکەس لە کەمینەی تووتسی لە ڕواندا، ڕۆژی شەممە لە نزیک پاریس لە لایەن پۆلیسی فەرانسەوە دەسبەسەر کرا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “فرانس پرێس” ناوبراو لە کاتی جینایەتی ڕواندادا یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرمایەدارەکانی ڕواندا بووە کە بەشێوەیەکی چڕوپڕ پشتیوانی لە کوشتنی ٨٠٠هەزار کەسی تووتسیدا کردوە.
ناوبراو ماوەی ٢٦ ساڵە و پاش دەرکردنی حوکمی دادگای نێونەتەوەیی کە ناوبراوی وەکوو جینایەتکاری دژی مرۆڤایەتی ناساند، بە گۆڕینی ناو و ناسناو، خۆی حەشاردابوو.
جێگەی ئاماژەیە کە ٨ وڵاتی جیهان لە دەسبەسەرکردنی ناوبراودا بەیەکەوە هاوکارییان هەبووە.












