وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاند کە حوکمی سەپێندراو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر “فەریبا عادلخا”دا سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
“ژان ئێف لۆدریان” وەزیری دەرەوەی فەڕانسە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر سەپاندنی حوکمی پێنج ساڵ زیندان بەسەر” فەریبا عادلخا”، شارۆمەندی ئێرانی _ فەرانسەیی دەربڕی و وتی: ئەو حوکمە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە، ئێمە لە ڕێگای باڵوێزەکەمانەوە هەموو هەوڵی خۆمان بۆ ئازادکردنی ناوبراو دەخەینە گەڕ.
شایانی باسە کە ناوبراو ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ٩٨ی هەتاوی لە کاتی گەڕانەوەی لە فەرانسە بۆ ئێران و لە ماڵی خۆیدا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەرکرا و لە دوا دانیشتنی دادگادا کە ٣١ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی بەڕێوەچوو، بە پێنج ساڵ زیندانیی بە تاوانی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران مەحکووم کرا.












