سندووقی سەرمایەدانانی گشتیی عەرەبستان پشکەکانی کەمینەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بەتایبەت “بوئینگ، فەیسبوک و سیتی گرووپ”ی کڕیوە کە بە تێکڕا بەهایان دەگاتە ١٠ ملیارد دۆلار.
ئەو سندوقە ٣٠٠ ملیارد دۆلارییە لاوازبوونی بازاڕی بەهۆی کۆرۆنای قۆستۆتەوە و لە کۆمپانیا ناسراوەکانی جیهانی پشکەکانی کڕیوە.
“عەلی ئەلسەلیم” دامەزرێنەری کۆمپانیای”ئەرکان پارتنیر” لە دوبەی لە تویتێکدا نووسی:”ئەو کۆمپانیایە ئێستا ١٠ ملیارد دۆلار پشکی لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا هەیە کە بە جیاوازی لەگەڵ سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیارد دۆلار زیادی کردوە”.
ستراتیژی سندووقی وەبەرهێنانی عەرەبستان دوو لایەنەیە کە بەشێکی سندووقی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت و بەشی دووهەمی سندووقی وەبەرهێنانی ناوچەیی بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرێدراویی و پشتبەستنیی ئەو وڵاتە بە نەوتە کە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە تەنیا پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە.












