کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کەمڕەنگ کردنەوە و کپ کردنی دەنگی ناڕازیانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بە دابینکردنی بڕێک پوڵ دەیهەوێ ئەو جینایەتە لەبیر خەڵک بباتەوە.
“ڕێکخراوی عەداڵەت بۆ ئێران” لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ بڵاوی کردۆتەوە، باسی لەوە کردوە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی پێشنیاری دابینکردنی پوڵی بۆ قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر کردوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەیە، کاربەدەستانی حکوومەت بەو بنەماڵانەیان ڕاگەیاندوە کە دەتوانن ئەوان وەک “بنەماڵەی شەهید” تۆمار بکەن و لە هەموو هاوکارییەکانی بنەماڵەی شەهیدان سوودمەند دەبن.
جێی ئاماژەیە، لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا بە هەڕەشە و تۆقاندن هەوڵ دەدەن پێش لە هەر چەشنە شکایەت و ناڕازایەتییەک لە لایەن بنەماڵەی ناڕازیانی خۆپێشاندانەکە بگرن.
شایانی باسە، لە مانگی خەزەڵورەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گرانکردنی بەنزین لە ئێران، خەڵکی ١١ پارێزگای ئێران ڕژانە سەرشەقامەکان و دژ بە گرانی و دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وڵامی ویستی خەڵکیان بە هەڕەشە و کوشتن و ئەشکەنجە و زیندانی دایەوەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران کوژران و برینداربوون و خەڵکێکی زۆریش ڕاپێچی بەندیخانەکان کران.