دایکی “ئەرسەلان خودکام ” لەسەر حوکمی لەسێدارەدانی کوڕەکەی داواکارییەکی ڕووبە خەڵکی کوردستان بڵاوکردەوە.
دایکی ئەرەسەلان خودکام( سۆهرابی) لەسەر لەسێدارەدانی کوڕەکەی لە کورتە ڤیدیۆیەکدا بۆ نەجاتی کوڕەکەی داوا لە دڵسۆزان و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکا بە هانایەوە بچن و نەهێڵن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوڕەکەی لەسێدارە بدات.
ئەرسەلان خودکام ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە و کەوتۆتە ژێر ئەشکەنجە و ئازار و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
سپای پاسداران کە سکاڵای لەسەر ناوبراو تۆمار کردوە، دواتر هاوژینەکەشی دەسبەسەر دەکەن و بۆ ئەوەی کە ئەرسەلان تۆمەتەکانی سپای پاسداران قبووڵ بکا کوڕەکەی و هاوژینەکەشی بەشێوەیەکی دڕندانە ئازار و ئەشکەنجە دەدەن.
ئەرسەلان خودکام ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە و بەهۆی گوشاری سپای پاسدارانەوە پارێزەرەکەی ناتوانێ بەرگری لێ بکا و پێدەچێ دوای مانگی ڕەمەزان واتە چەند ڕۆژی دیکە لەسێدارە بدرێ.











