وەزیری پەروەردە و فێرکردن ڕایگەیاند پەروەردە و فێرکردن لە ئێراندا لەگەڵ کەمیی پێداویستییەکانی خوێندن بەرەوڕوویە.
” موحسین حاجی میرزایی”، وەزیری پەروەردە و بارهێنان لە ئێران لە کۆنفرانسێکی ئینتێرنێتی “ئایسسکۆ” کە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوەچوو، یەکێک لە هۆکارەکانی دەستڕانەگەیشتنی هەموو قوتابییەکان لە ئێراندا بە سیستمی ئانلاین بۆ فێربوون، بۆ بێ تونایی دەوڵەت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و موبایل و تابلێت گەڕاندەوە.
“ئایسسکو” کە دامەزراویەکی نێونەتەوەیی پەروەردەیی و فەرهەنگییە، تێیدا وەزیری پەروەردە و فێرکردنی وڵاتانی ئەندام لە کۆنفرانسێکی مەجازیدا بەشدار بوون و باسیان لە دۆخی پەروەردە و فێرکردن لە دۆخی قەیراناوی کۆرۆنا و ڕێگە چارەکانی کرد.
ناوبراو لەو کۆنفرانسەدا ئاماژەی بە کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێ بۆ خوێندن بە شێوەی ئانلاین کرد کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرنا لە ئێراندا بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام دەستڕانەگەیشتنی بەشێکی زۆری قوتابیان بە ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پەیوەندی هۆکار بووە بۆ بێبەشبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان لەو ڕێگەیە.
جێی ئاماژەیە، نزیکەی لە سەتا ٢٠ی ئاواییەکان لە ئێراندا و بە تایبەت ناوچە پەرواێزخراوەکان هێڵی ئینترنێتیان بۆ نەچووە و لە هەمان کاتدا لاوازیی هێڵی ئینترنێت و بوونی فیلتێر لەسەر بەشێک لە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەو کێشانەن.
شایانی باسە، بێخەمی و بێ پلانی دەوڵەتی ئێران و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان کە یەخەی ئەو وڵاتەی گرتوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەکاتەوە و دەسەڵاتدارانیش هەر بە شوێن جێبەجێکردنی پرۆژەکانی خۆیان لە دروستکردنی چەکوچۆڵ و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەدان و خەڵکیش لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستی ژیان کە خوێندن و پیڕاگەیشتن بە ناوەندەکانی خوێندنە بێبەشن.