دادگای ئینقلابی شیراز حوکمی ٣٩ ساڵ بەندکردنی بەسەر حەوت بەهاییدا سەپاند.
دامەزراوی بەهاییەکان لە شاری “ژنێڤ” بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی ٣٩ ساڵی زیندانی بۆ حەوت کەسی بەهایی لە لایەن دادگای ئینقلابی شیراز پشتڕاست کردەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو ناوەندە، ئەو حەوت کەسە بە تۆمەتی “ئەندام بوون لە گرووپەکانی دژبەری ڕێژیم و پروپاگەندە لە دژی ڕێژیم” تاوانبار کراون.
لەو ڕاپۆرتەدا ناوی ئەو حەوت بەهاییە، “نیلوفەر حەکیمی”، “نەوید بازماندگان”، “بەهارە قادری”، ” ئیلاهە سەمیعزادە”،”سودابە حەقیقەت”،” نورا پورمرادیان” و “ئیحساناللە مەحبووب” ڕاگەیەندراوە.
جێی ئاماژەیە، نیلوفەر حەکیمی بە هەشت، ئیحساناللە مەحبووب بە یەک ساڵ و زیندانییەکانی تر بە ٦ ساڵ زیندانی مەحکووم کراون و ئەو حوکمەش لە لایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی شیراز بە سەرۆکایەتی قازی ساداتی بڕیاری لەسەر دراوە.
جێی ئاماژەیە، لێژنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ڕۆژی ٩ی بانەمەڕ بڵاوی کردبۆوە، باسی لە بەردەوامیی ئازار و ئەزیەتی کەمایەتییە ئایینیەکانی وەک بەهایی، مەسیحی و هەروەها سوننە مەزهەبەکان و دەروێشەکان لە ئێراندا کردوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە لێژنەکە بەڵگەی ئازار و ئەشکەنجەی بەهایی و پەیڕەوانی ئاینەکانی تر کە لە ئیدارەکانی ئێراندا کار دەکەن لە ساڵی ٢٠١٩دا کۆ کردۆتەوە و هەروەها ڕایگەیاندوە ئاگادارن کە دەوڵەتی ئێران لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە لە ئازاردان و بێڕێزیکردن بە کەمایەتییە ئایینیەکان بەردەوامە.
شایەنی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری ئیدولۆژیکی ئایینی شیعە لەنێو خەڵکدایە و هەوڵ دەدا بە زۆرەملی خەڵک بکا بە پەیڕەوی ئایینی شیعە و لەم پێوندییەشدا ڕێگەی زۆری بۆ ئازار و ئەشکەنجەی ئەو کەسانەی کە بیری ئایینی تریان هەیە گرتۆتە بەر و بەشێک لەوانی دەسبەسەر کردوە و زۆرجاریش بەهۆی ئەو سوکایەتییەی کە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێیان دەکرێ پەنایان بۆ خۆکوژی بردوە و ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە، یان بە ناچاری وڵاتیان جێهێشتووە.












