وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆمپانیای “بوئینگ” زیاتر لە هەزار مووشەکی ئاسمان بۆ زەوی و دژە کەشتی بە بەهای زیاتر لە دوو ملیارد دۆلار بە عەرەبستان دەفرۆشێ.
بە پێی ڕاگەیەندراوی پێنتاگۆن و بە پێی یەکێک لەو دوو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بوئینگ واژۆ کراوە، ئەو کۆمپانیایە مووشەکی کرووزی عەرەبستان نوێ دەکاتەوە.
لەو ڕێککەوتنەدا کە میلیاردێک و ٩٧٢ میلیۆن دۆلار پێشبینی کراوە، بوئینگ بە نیشانەی پاڵپشتی لە عەرەبستان، ٦٥٠ مووشەکی نوێ ڕادەستی ڕیاز دەکات.
وردەکاری ئەو ڕێککەوتنە لە بەڵگەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە ڕۆژانە سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان بڵاوی دەکاتەوە، ڕاگەیەندراوە. ئەو کۆمپانیایە نوێکردنەوەی مووشەکەکانی عەرەبستان و ڕادەستکردنی مووشەکە نوێیەکان بەو وڵاتە هەتا ساڵی ٢٠٢٨ی زایینی تەواو دەکا.
شایانی باسە کە مەودابڕی مووشەکی کڕوزی ئاسمان بۆ زەوی کە بە کەڵک وەرگرتن لە تکنۆلۆژی “جی پی ئێس” ئاڕاستە دەکرێت، ٢٩٠ کیلۆمەترە و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکرێ.












