بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە میلیۆنان یەمەنی لەگەڵ برسییەتی و نەداری بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لەسەر کامپی ئاوارەکانی یەمەنی بڵاو کراونەتەوە، بەهۆی برسییەتی و نەدارییەوە ئەگەری قەیرانێکی گەورەی ئینسانی لە ئارادایە.
شەڕی نێوان یەمەنییەکان کە بەسەر دوو لایەندا دابەش بوون و لە لایەن دوو دەوڵەتی عەڕەبستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ و دژ بە یەک هاندەدەرێن، تا ئێستا خەڵكێکی زۆر کوژراون و بریندار بوون و میلیۆنان کەس ماڵوێران و ئاوارە بوون و لە کامپەکانی ژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا و شوێنە جیاجیاکانی یەمەندا ژیان بەسەر دەبەن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی خۆی و بەکەلک وەرگرتن لە هەست و مەزهەبی شیعە و بە خەرج کردنی پارەیەکی زۆری گەلانی ئێران لەو ڕێگەیەدا، توانی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ مەبەستە تایبەتییەکانی خۆی بەگژ یەکدا بکا و ببێتە هۆی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لەو وڵاتەدا و تا ئێستاش شەڕ و خوێنڕشتن هەر بەردەوامە و کۆڕۆناش وەک کۆماری ئیسلامی داوێنگیری خەڵکی ئەو وڵاتە بووە و بۆتە هۆی برسییەتی و نەداری و ئاوارەکان ژیانێکی سەخت و تاقەت پڕووکێن تێپەڕ دەکەن.












