٢٥٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ داوای لێبوردن لە خەڵکی ئەفغانستان بکا.
پاش ئەوەی کە حکوومەتی ئەفغانستان بەفەرمی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٥٠ کەسی ئەفغانی لە لایەن سەربازان و هێزەکانی سنووری ئێرانەوە پاش بێڕێزی و ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر ناچارکراون کە خۆیان بخەنە نێو ئاوی “هەریڕوود”ـەوە و بەو هۆیەوە تا ئێستا تەرمی ٢٠ کەس بە کوژراوی لە خاکی ئەو وڵاتەدا دۆزراونەتەوە، ناڕەزایەتی زۆری خەڵکی ئەفغانستان و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام وەکوو هەمیشە کۆماری ئیسلامی ڕەتی کردەوە کە دەستی لەو جینایەتەدا هەبووبێ و ئێستاش لیژنەیەک لە حکوومەتی ئەفغانستان و کۆماری ئیسلامی بەدواداچوون بۆ ئەو جینایەتە دەکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا ٢٥٠ کەس لە مامۆستایانی زانکۆ و ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا وێڕای شەرمەزار کردنی ئەو کردەوەیەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی ئەو جینایەتە داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی ئەفغانستان بکا و لێکۆڵینەوەیەکی بە پەلە و بێلایەنانە بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەم جینایەتە و بەسزا گەیاندنیان ئەنجام بدا.