سەرۆکی پۆلیسی دژە شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران زۆرە و ئێمەش ئامادەی سەرکوتی خەڵکین.
سەرۆکی پۆلیسی دژە شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ: “ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دووبارەی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا زۆرە و بەو ئیمکاناتەی کە بۆ ئێمەش دابین کراوە بۆ سەرکوتی خەڵک ئامادەی سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکین”.
سەرۆکی پۆلیسی دژە شۆرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی یەکەی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم “پاسدار حوسێن کەرەمی” ڕایگەیاند کە هێزێکی زۆر بە ئیمکانات و کەرەستەی تایبەتی سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکمان پێدراوە کە لە ئەگەری خۆپێشاندان و سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی بیهێنینە مەیدان و باشتر لە خۆپێشاندانەکانی٩٦ و ٩٨ی هەتاوی ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە ترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکانی خەڵک بەردەوام خەریکی خۆهەڵکێشان و هەڕەشەیە لە خەڵکی ئێران. کاربەدەستانی ڕێژیم پێیان وایە کە بە سەرکوت دەتوانن خەڵک بێدەنگ بکەن و ماوەی ٤٠ ساڵە خەریکی سەرکوت و کوشتن و زیندانیکردنی خەڵکی ئێرانن، بەڵام گەلانی ئێران سوورن لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانیان و لە هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕێژیم نەترسان و نەپرینگاونەوە و وازیان لە داواکارییەکانیان نەهێناوە.