هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی ” محەممەد ساڵحی” بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسێکی خەڵکی بانە بە ناوی “محەممەد ساڵحی”، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی “خوریاوا”ی بانە، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.
ناوبراو لە کاتێکدا بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری ڕووی کردبووە کوێستانەکانی کوردستان، لە بەرزاییەکانی “هەرمێ دوڵ” نزیک سنووری “بەستام” لە کاتی کۆکردنەوەی گیادا تووشی ئەو ڕووداوە بوو و بە سەختی بریندار بوو.
شایانی باسە، مینە بەجێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و هەروەها بە ئەمنییەتی کردنی ناوچەکانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و هەروەها چاندنی مین لەم ناوچانە، بێخەمی دەسەڵات لە کۆکردنەوەی ئەم مینانە و نەبوونی نیشانەکانی ئاگادار کردنەوە، بووەتە هۆی گیان لەدەست دان و کەم ئەندام بوونی بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان و هیچ لایەنێکی دەسەڵاتیش لەم پێوەندییەدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێ.











