وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، ڕێوشوێنێکی تووندی بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆکان لە دژی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە.
پاش ئەوەی کە هەواڵەکان باسیان لە هەناردنی سووتەمەنی و بێنزین لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرد کە ٥ کەشتی نەوتهەڵگر خەریکی گواستنەوەی ئەو سووتەمەنییەن بۆ وێنێزۆئێلا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ پێشگرتن بە دەورلێدانەوەی گەمارۆکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕێوشوێنێکی توندی گرتە بەر و ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتوە: “ئامانج لەو ڕێوشوێنە هاوکاریکردنی پیشەسازی دەریایی و چالاکی بەشی وزە و ئاسنی وڵاتەکەیەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەوڵە فریودەرەکانی کەشتیوانی کە بە مەبەستی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، کورەی باکور و سوریە بەکار دێت”.
شایانی باسە کە کەشتییەکان بەڕێگاوەن و ئەمریکاش تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەو بارەوە هەڵنەهێناوەتەوە.












