“فاتمە سپێهری” یەکێک لەو کەسانەی واژۆی لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی کردووە، پاش ئەوەی کە بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا گوتی: “سەرەڕای هەڕەشەی قامچی و ئەشکەنجە و بەندیخانە لە سەر داواکانی خۆم سوورم و بێدەنگیش نابم”.
فاتمە سپێهری پاش ئەوەی کە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی و دوای ٩ مانگ دەستبەسەری لە لایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بە مەرج ئازاد کرا، لە پەیامێکی مێدیاییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ: “سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی ئیتلاعات بە لێدانی قامچی و دووبارە بەندکردنەوە و ئەشکەنجە و ئازاری من لە ئەگەری بێدەنگ نەبوونمدا، بەڵام من لەسەر داوا ڕەواکانمان پێداگرم و هیچ کات بێدەنگ نابم و ئەشکەنجە و ئازار و زیندان و تەنانەت مەرگیش نامترسێنێ”.
شایانی باسە پاش ئەوەی کە چەند گرووپێک بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ خامنەیی داوایان لە ناوبراو کرد کە دەست لەکار بکێشێتەوە و واز لە دەسەڵات بێنێ، گرووپیکی ١٤ کەسیی کە هەموویان ژن بوون پەیوەست بەو واژۆکردن و داواکارییانە بوون کە دواتر فاتمە سپێهری و محەممەد نووریزاد و چەند کەسی دیکە لە شاری مەشهەد دەسبەسەرکران و دوای ٩ مانگ ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی بانەمەڕ فاتمە سپێهری بە مەرج ئازاد کرا.