هەواڵدەریی “فاکس نیووز” بە بەڵگەوە ڕایگەیاند کە سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سووریە خەریکی لێدانی بنکەی ژێر زەوییە بۆ جێگیرکردنی سیستمی چەکوچۆڵی سەربازی.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “فاکس نیووز” کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، بڵاویکردەوە و بە پێی ئەو بەڵگە ئاسمانییانەی کە دەستی کەوتوە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران کە لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل ناوێرن بنکەی ئاشکرای سەربازی لێدەن، ئەمجارە بە لێدانی تونێل بۆ جێگیرکردنی هێزەکانیان و هەروەها کەرەستەی قورسی سەربازی دەیانهەوێ مانەوەی خۆیان لە سووریە مسۆگەر بکەن.
شایانی باسە کە پێشتر هەر لە نیزیک ئەو شوێنەی کە فاکس نیووز ئاماژەی پێ کردوە بنکەیەکی ژێر زەوی سپای قودس کەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل و لەناوچوو.
هەروەها “مایک پۆمپێئۆ” ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای قەیرانی کۆرۆنا هێشتا خەریکی خەرجکردنی پارەی خەڵکی ئێرانە لە سووریە و عێراق و لوبنان و شوێنەکانی دیکەدا و زۆربەی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران، یان بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەچێ یان لە وڵاتانی دیکەدا خەرج دەکرێ.












