دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی ڕۆژی سێشەممە لە کابۆلی پێتەختی ئەفغانستان، و کوژرانی ٥٦ کەس لەو وڵاتە، سەرۆک کۆماری ئەفغانستان فەرمانی بە هێزەکانی ئەو وڵاتە کرد کە ئەرکەکانیان لە بەرگری کردنەوە بگۆڕن بۆ هێرشکردنە سەر تالیبان.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “فرانس پرێس” دوای کردەوە تیرۆریستییەکانی کابۆلی پێتەختی ئەفغانستان و کوژرانی ٥٦ کەس لە دوو تەقینەوەدا هەرچەند کە داعش یەک لە هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت بەڵام سەرۆک کۆماری ئەفغانستان “ئەشرەف غەنی” تالیبان و داعشی وەکوو بکەری ئەو کردەوانە ناساند و فەرمانی بە هێزەکانی ئەو وڵاتە کرد کە ئەرکەکانیان لە بەرگرییەوە بگۆڕن بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گرووپانە.
لە لایەکی دیکەوە تالیبان ڕایگەیاند کە دەستی لەو هێرشانەدا نەبووە، بەڵام ئامادەیە بۆ وڵامدانەوەی هەر هێرشێکی سپای ئەفغانستان و بەرپرسیارەتی هەر شەڕێک لە ئەستۆی حکوومەتی ئەفغانستانە.
شایانی باسە کە ئەمریکا و تالیبان ڕێککەوتنێکی ئاشتییان واژۆ کردبوو کە ئەو گرووپە هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام نەدا لە ئەفغانستان و هێرش نەکاتە سەرهێزەکانی ئەمریکا و حکوومەتی ئەفغانستان لەو وڵاتە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە لایەنە ناکۆکەکان بووە و تا ئێستا بە ئاشکرا و نهێنی چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تاڵیبان ئەنجام داوە و بێگومان لە ئەفغانستانیش دەیهەوێ وەک عێراق و سووریە و یەمەن و لوبنان، گرووپ و میلیشیا پێکبێنێ، بۆ ئەوەی نەهێڵێ دراوسێکانی لە ئاشتی و ئارامیدا بژین.











