لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە بۆ کۆنگرەی ئەو وڵاتە ئامادە کراوە، ناوی پێنج دەوڵەت هاتووە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا وەکوو حکوومەتی تیرۆریستی و پشتیوانی تێرۆریزم ناسێندراون.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە بۆ کۆنگرەی ئەو وڵاتە نێردراوە هاتووە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا پێنج دەوڵەتی کورەی باکوور، وێنێزۆئێلا، کووبا، سووریە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆر و کردەوە تیرۆریستییەکان لە جیهاندا هاوکاری ئەمریکایان نەکردوە و لە نێویاندا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو گەورەترین پشتیوانی تێرۆر و بە هاندانی گرووپە تێرۆریستییەکانی عێراق، فلستین، سووریە، لوبنان و یەمەن ناوی براوە.
شایانی باسە ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری ئەمریکا ناکەن لە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆردا لە جیهان، بە پێی ئەو بەڵگانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەیداتە کۆنگرەی وڵاتەکەی، گەمارۆی سەربازی و چەکوچۆڵیان دەخرێتەسەر.
جێگای ئاماژەیە کە لەو ڕاپۆرتەدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت بەشی سپای قودسی سپای پاسداران وەکوو گەورەترین ڕێکخراوی تێرۆریستیی جیهان و پشتیوانی سەرەکی تێرۆر لە جیهاندا ناسێندراوە.












