بەرهەمی ڕۆماننووسێکی یارسانی بە ناوی ” فەرهاد حەیدەری گۆران” بۆ خەڵاتی ئەدەبیی ”مێهرگان” بەربژێر کرا.
ڕۆمانی ”کۆچی شامار” لە بەرهەمەکانی نووسەری یارسانی ”فەرهاد حەیدەری گۆران”، بوو بە بەربژێری بیستەمین دەورەی خەڵاتی ئەدەبیی ”مێهرگان”.
ڕۆمانی ”کۆچی شامار” باس لە کۆچەرێکی کورد دەکات، ”شامار” دوای بوومەلەرزەکەی ”کرماشان”، بە دڵێکی خەمینەوە دایکی خۆی لە ڕووی ناچارییەوە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا دەنێژێت و بە کۆڵەبارێک لە دەستنووسی ئایینی و بیرەوەرییەکانی سەردەمی خوێندکاری، پەنا دەباتە تارانی پێتەختی ئێران.
“شامار” لە دوای ئەزموونێکی زۆر کە لە ”کەمپی نەجات” بەدەستی هێناوە، شاهیدی لاوازبوونی ڕۆح و لاشەی خۆی و هەموو ئەو ناوانەیە کە لە دەفتەری ڕاپۆرتی ڕۆژانەی کاریی خۆیدا دەینووسێت.
“ڕاوی”ی کۆچی شامار لە جێگەیەکدا بە نەقڵ لە باوکی دەڵێت: ”ئەستێرەکەم لە پشت سەرمدا لەنێو چووە”.
”شامار” هەوڵ دەدات بە نزیکبوونەوە لە کچێک کە خۆشی دەوێت، گۆشەیەک لەو ئەستیرە بگێڕێتەوە تا داهاتووی پێ ڕووناک بکاتەوە.
جێی ئاماژەیە، خەڵاتی ئەدەبیی ”مێهرگان”، خەڵاتێکی ئەدەبییە کە هەر ساڵە لە مانگی ڕەزبەردا بەڕێوە دەچێت و لە بواری ژینگەیی و زانستیدا خەڵات دەبەخشێت.