حوکمی یازدە ساڵ زیندانیی تەعزیریی مامۆستایەکی کورد لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.
حوکمی ١١ ساڵ زیندانیی مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە ناوی “سەید ئارام ئەمین زادە” لە لایەن دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، لە زیندانی ورمێ حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندراوە.
ئەو زیندانییە عەقیدەتییە، ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر ڕەوانەی گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.
نابراو لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپی سەلەفی لە دنیای مەجازی”دا، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها ساڵێک زیندانیی تەعزیری بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم” مەحکووم کرابوو.
حوکمی ئەو مامۆستا کوردە لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کراوەتەوە و بە پشتبەستن بە یاسای سزاکان ، ١٠ ساڵ لەو حوکمە دەبێ جێبەجێ بکرێ.
جێی ئاماژەیە، ناوبراو لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنان دەرکراوە











