مامۆستا “هەژار مەنافی” کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی مامۆستا “مەلاهەژار مەنافی” لەشاری شنۆ بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
مامۆستاهەژار لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە گوندی “حەسەن نورانی” شاری شنۆ لە دایک بوو.
ناوبراو، هەروەک هەموو مامۆستایانی ئایینی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حوجرەی فەقێیانی گوندەکان دەستی پێ کرد و دەرسی خوێند تا دواجار ئیجازەی مەلایەتی وەرگرت.
خوالێخۆشبوو وەک مامۆستایەکی ئایینی هەمیشە لە خزمەت نەتەوەکەیدا بوو و زۆر زوو توانی پێگەیەکی باش لەنێو خەڵکدا بە قسە و وتە بەنرخەکانی کە لە ڕاستای بیری نەتەوایەتی و ئایینیدا بوون بۆخۆی دروست بکا.
مامۆستا هەژار جیا لەو خزمەتەی کە لە ڕێگەی مزگەوتەکانەوە بە خەڵکی کردوە بە بەرنامە و پلانی باشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پەیامی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ بیری نەتەوایەتی و کوردایەتیدا بە گوێی خەڵک گەیاندوە و ئەمەش وای کردبوو کە خەڵکێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و ببێ بە کەسێکی جێی باوەڕ و متمانەی خەڵکی ناوچەی شنۆ.
جێی ئاماژەیە، نابراو بەهۆی ئەو هەستە نیشتمانپەروەری و نەتەوەییەی هەیبوو چەند جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگ کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو، هەر بۆیە وەک بۆخۆی چەند جارێک باسی کردبوو گومانی لەسەر نەخۆش بوونەکەی هەبوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی مامۆستا هەژار مەنافی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.