بەرپرسانی وڵاتانی ئاڵمان و تورکیە قسەکانی “محەممەد جەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆ دەخەنەوە کە گوتبووی ئێران کیتی تایبەت بە کۆرۆنای بۆ وڵاتانی ئاڵمان و تورکیە ناردوە.
وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئابووریی ئاڵمان هاوکات ڕەتیان کردەوە کە هیچ کەرەستەیەکی پزیشکی و لەوانە کیتی کۆرۆنا لە ئێرانەوە هاتبێتە وڵاتەکەیان و قسەکانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان ڕەت کردەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەواڵدەریی ” ئاناتۆلی ” تورکیە لە زاری بەرپرسانی وڵاتی تورکیەوە بڵاوی کردەوە کە نە داوای کیتی کۆرۆنایان لە کۆماری ئیسلامی کردوە نە هیچ کەرەستەیەکی پزیشکی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ وڵاتی تورکیە هەناردە کراوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی جومعە ١٩ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە تویتێکدا نووسیبووی ٤٠ هەزار کیتی تایبەت بە کۆرۆنا لە لایەن ئێمەوە بۆ وڵاتانی تورکیە و ئاڵمان هەناردە کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کە ئەگەریش هەرکەرەستەیەکی پزیشکی هەناردە کرابێ بە ناوی ئاڵمان و تورکیەوە بۆ میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی سووریە و یەمەن و لوبنان و عێراق بووە و ئەو وتانەی زەریف هەروەک لێدوانەکانی پێشووی بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی بووە و هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە.












