مەجلیسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد، بە پێی ئەو گەڵاڵەیە نابێ هیچ وەرزشوانێکی ئێرانی لە کێبەرکێیە جیهانییەکانی وەرزشیدا ڕووبەڕووی وەرزشوانانی وڵاتی ئیسرائیل ببێتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ” مێهر و ئیرنا’ گەڵاڵەی بە پەلەی نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە دانیشتنێکی ئاشکرای مەجلیسدا خرایە دەنگدانەوە و پەسەند کرا، نابێ بە هیچ شێوەیەک هیچ وەرزشوانێکی ئێرانی لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕووبەڕووی وەرزشوانێکی ئیسرائیلی ببیتەوە، ئەگینا بە پێی ئەو یاسایە سزا دەدرێ و لە وەرزش دووردەخرێتەوە. ئەم گەڵاڵەیە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵپەساردنی یارییەکانی ئێران لە لایەن فێدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانەوە و بەو شێوەیە وەرزشیش بە ئاگری سیاسەتی هەڵەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمەوە بسووتێ.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر بە هۆی خۆبواردنی وەرزشوانێکی جۆدۆکاری ئێرانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ وەرزشوانە ئیسرائیلییەکە هەتا ئێستاش فێدراسیۆنی جۆدۆی کۆماری ئیسلامی لە لایەن فێدراسیۆنی جیهانی جۆدۆوە هەڵپەسێردراوە.