بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی مەجلیسی ڕێژیم لەسەتا ٩٥ی شتومەکی قاچاخ لە ڕێگا یاساییەکانەوە هاوردەی ئێران دەکرێ.
بە پێی ڕاپۆرتێکی لێژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ڕێژیم کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە دانیشتنی ئاشکرای نوێنەرانی ئەو ناوەندەدا خوێندرایەوە تەنیا لە سەتا ٥ی هاوردەی نایاسایی یان قاچاخ لە ڕێگای سنوورە نایاساییەکانەوە هاوردە دەکرێ و لەسەتا ٩٥ی کەلوپەلی قاچاخ لە ڕێگا ئاساییەکانەوە واتە لە ڕێگەی خاڵە سنووریەکانەوە دەکرێ، کە لە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری هێزەکانی رێژیم بە تایبەت سپای پاسداران دایە.
شایانی باسە کە ڕۆژ نییە بە بیانووی هێنانی کەلوپەلی قاچاخەوە کەسێکی کورد یان بەلووچ لە سنوورەکانی کوردستان و بەلووچستاندا بە گوللەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیان لەدەست نەدا، لە حاڵیکدا سپای پاسداران و مافیای خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگە یاساییەکانەوە بە کەشتی و فڕۆکە و بارهەڵگر، هەموو شتێک هاوردەی ئێران دەکەن و کەسیش بۆی نییە لێپرسینەوەشیان لێبکا.
دزی و گەندەڵی لە ئێراندا گەیشتۆتە جێگایەک کە ئیتر کەس ناتوانێ حاشای لێبکا و ئەو لێکۆڵینەوەیەش دەری دەخا کە سەرچاوەی گەندەڵی کاربەدەستانی ڕێژیم و بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو لە لایەن خودی ڕێژیمەوە بەڕێوە دەچێ و مافیای سپای پاسداران دەستی بەسەر هەموو جمگەکانی دەسەڵاتدا گرتوە و هیچ دەزگایەکیش توانا و هەقی لێپرسینەوەی نییە و ڕۆژ نییە کە گەندەڵییەک لەو سپا دژە خەڵکییە ئاشکرا نەبێ یا لە تاوان و جینایەتێک تێوەنەگلێ.