تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی سوئید کۆچی دوایی کرد.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١٢ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی، خاڵە کەریم ساڵحی، ناسراو بە کەریم سووتاو، فەرماندەی بەوەج و تێکۆشەری دێرینی ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئوپسالای وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد.
خاڵە کەریم ساڵحی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی هەژاری گوندی مەنیجەلان لە ناوچەی مەیدانانی بانە لە دایک بوو. ساڵی ١٣٣٠ هەتاوی لە ڕێگەی شەهیدی سەرکردە مەلا ڕەحیمی وێردییەوە پەیوەندی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەگرێ. هەر لە ڕۆژانی سەرەتای پەیوەندیی کردنی بە حیزبەوە دەکەوێتە بەر ئەزیەت و ئازاری بەشێک لە ئاغا و دەرەبەگەکانی ناوچە کە سەر بە دامودەزگای سیخوڕی حکومەتی پاشایەتی بوون. هەر بۆیە بە ناچار لە سەرەتاکانی دەیەی ١٣٤٠ی هەتاوی دا بە بنەماڵەوە زیدی ژیانیان بە جێ دێڵن و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن.
پاش هاتنیان بۆ باشوور، بە رەسمی دەچێتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەبێتە یاوەری تێکۆشەرانی دێموکرات و یەکێک لەو پێشمەرگانەی حیزب دەبێ کە لە جوڵانەوەی چەکداری ٤٦- ٤٧ دا دەوری بەرچاو دەبینێ.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕوخانی حکومەتی پاشایەتی، خاڵە کەریم وەک فەرماندەیەکی کارامە و شارەزا لێپرسراویەتی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی لکی ٢ی هێزی شەهیدانی وێردی لەئەستۆ دەگرێ. پاشان کرایە بەرپرسی لکی ٣ی قادر شەریف لە هێزی ئاربەبا و ماوەی چەندین ساڵ لە ناوچەی بانە لەخەبات بەردەوام بوو و لە چەند شەڕی بەناوبانگی ناوچەی بانەدا قارەمانانە بەشداربوو. هێرش بۆسەر پادگانی بانە، گەردەنەی خان، ئاربەبا، چەمی دڕۆڵە، هەژدەدۆڵان و زۆر شەڕی بە ناوبانگی دیکە شاهیدی بۆ قارەمانەتی ئەم ڕۆڵە فیداکارەی گەلەکەمان دەدەن. دوایین بەرپرسایەتی خاڵە کەریم ئەندامەتی کومیتەی حەوتەوانە بوو. خاڵە کەریم لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا چەند جار بە سەختی بریندار بوو، بەڵام هەموو جارێک پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی دەگەڕایەوە سەرنگەری پێشمەرگایەتی و شێلگیرتر لە جاران شانی دەدایە بەر باری قورسی خەبات و تێکۆشان.
خاڵەکەریم ساڵی ١٩٩٧ی زایینی بە ناچار بە بنەماڵەوە ڕوویان لە هەندەران کرد و لە وڵاتی سوید گیرسانەوە، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بۆ تاکە ساتێک لە حیزب و بزووتنەوەی کوردایەتی دانەبڕا و لە هەموو کۆڕو کۆبوونەوە و چالاکییەکی حیزبی دا بەشداری کرد.
خاڵە کەریم وەک بەشێکی زۆر لە تێکۆشەرانی رێگای رزگاری، مەرگ دەرفەتی نەدا کە بەری رەنجی خۆی و رزگاری نیشتمانە داگیرکراوەکەی ببینێ و دوای زیاتر لە ٦٠ ساڵ خەبات دوور لە زێد و نیشتمان لە غوربەت سەری نایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی خاڵە کەریم و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.












