خەڵکی دوو گوندی ناوچەی بانە ماوەیەکە لەسەر لەوەڕگەیەک تووشی کێشە و ناکۆکی بوون و خەریکە ئەم کێشەیە بە ئاقارێکی خراپدا دەڕوا.
بەپێێ هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، خەڵکی گوندەکانی “سێوچ و سەدبار” لە ناوچەی بانە، لەسەر لەوەڕگەی کوێستانەکانی مەیدانان تووشی ناکۆکی بوون و خەریکە ڕووداوی ناخۆشی لێدەکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ناکۆکی لەسەر لەوەڕگەی کوێستانەکانی مەیدانان ماوەی ٤٠ ساڵە هەر لە ئارادایە، بەڵام ئەوەی کە جێگەی نیگەرانییە دەستێوەردانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکییە لەنێو خەڵکی ئەم دوو گوندەدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەست ئێـمە گەیشتوون ڕێژیم بە نهێنی چەکی داوەتە هێندێک کەس کە هاوکاری دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانیان کردوە و ئەمەش نیگەرانییەکەی زیاتر کردوە.
لەکوردستان زۆر جار ئەم کێشانە هاتوونە ئاراوە بەڵام کەمتر وابووە کە لایەنێک بۆ چارەسەری کێشەکە پەنا بەرێتە بەر دوژمنەکەی، بەڵکوو لە ڕێگەی کەسایەتی و بەشیوەیەکی برایانە لەنێو خۆیاندا چارەسەریان کردوە و ئێستاش بەجێی ئەوەی کە هێندێک کەس بۆ خاتری لەوەڕگەیەک پەنا بەرنە بەر ڕێژیم و ناکۆکیەکە گەورەتر بکەنەوە پێویستە هەر خۆیان چارەسەری بکەن و بەگژ پیلانەکانی ڕێژیمدا بچنەوە و نەهێڵن ڕێژیم بە ئامانجەکانی بگا و کێشەیەکی بچووک گەورە بکاتەوە و بە قازانجی خۆی کەلکی لێ وەربگرێ.