لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێراندا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانیان بەڕێوەچوون.
لە درێژەی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە ئێران بەڕێوەدەچن، کارمەندانی “دەنگ و ڕەنگی” کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەردەم مزگەوتی “بیلال” کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد، خۆپێشاندانی کارمەندانی سەدا و سیمای ڕێژیم بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرابەر فەساد، دزی و گەندەڵی بەرپرسان و لابردنی هەڵاواردن و هەروەها داواکاری زیادکردنی مووچەی کارمەندەکان بە پێی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان بەڕێوەچوو.
لە لایەکی تریش ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، بەشێک لە کرێکارانی شارەداری شاری ڕوانسەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە پێنەدانی مووچەی مانگانەیان خۆپێشاندانێکیان بەڕێوەبرد.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی ڕوانسەر لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بە گوتەی کرێکارەکان چەندین جارە بەرپرسانی شارەداری قەول و بەڵێنیان پێ دەدەن بەڵام تاوەکوو ئێستا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
هەروەها کرێکارانی کارگەی بەردە خەڵووز لە کرمان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە هەمبەر وڵام نەدانەوەی خواست و داواکارییەکانیان لە بەرابەر هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیاری سپاردنی پشکی کارگەی خەڵووزی بەردین بە بەشی تایبەتی و، جێبەجێ نەکردنی گەڵاڵەی ڕێکخستنی کاری کرێکاران بە پێی جۆر و سەختی کارەکانیان و داواکاری زیادکردنی حەقدەستەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و بەشێکیان دەستیان لە کارەکانیان کێشایەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە ” ماهشهر” کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کادری پزیشکی و دەرمانییەکان لە بەردەم نەخۆشخانەی پیشەیی پترۆشیمی بە هۆی پیڕانەگەیشتن و دابین نەکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان و هەروەها پێنەدانی مووچەکانیان بەڕێوەچوو.