بەرپرسێکی ئەمریکایی بە کاردانەوە بە قسەکانی “محەممەد جەواد زەریف”، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی لە جیاتی قسەکردن بۆ بردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکانی ئێرانی با فڕۆکە بنێرێ.
جێگری وەزیری نێوخۆی ئەمریکا بەوەکالەت، لە کاردانەوە بە قسەکانی “محەممەد جەواد زەریف” کە گوتبووی ئەمریکا وڵامی پێشنیارەکەی ئەوانی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان نەداوەتەوە گوتی: ” لە جیاتی قسە کردن، بۆ بردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکانیان با فڕۆکە بنێرێ.”
“کێن کۆچینلی” لە تویتەری تایبەتی خۆیدا نووسیویەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان ماوەیەکی زۆرە دەیهەوێ “سیروس عەسکەری” و کۆچبەرە نایاساییەکانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنێتەوە، بەڵام زەریف جگە لە قسەکردن هیچ کارێکی لەدەست نایەت.
ناوبراو هەروەها گوتی، دوای ماوەیەک هەوڵدان، زەریف تازە لە خەو بە ئاگا هاتۆتەوە و دەڵێ ئێمە دەمانهەوێ هاووڵاتیانمان بۆ وڵاتەکەمان بگەڕێنینەوە.
جێی ئاماژەیە، کوچینلی پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ١٢ی دێسامبری ساڵی ڕابردووەوە ناردنەوەی سیروس عەسکەری بۆ ئێران ڕاگەیاندبوو، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەرگرتنەوەی ناوبراو وەک هاووڵاتییەکی یاسایی خۆی بوارد و تەنیا لە کۆتایی مانگی فێوریەی ئەمساڵ بوو کە پاسپۆرتی بۆ نارد.












