کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر سنوور گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی کۆڵبەرێکی خەڵکی “گەوەلان” ی سەر بە شاری سەردەشت بە ناوی “کامڕان” تەمەن ٣٢ ساڵ لە ناوچەی سنووری “بەردەپان” بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەستدا.
ناوبراو کە خەڵکی ئاوایی گەوەلانی سەر بە شاری سەردەشتە، خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە.
کۆڵبەری ئەو ڕێگە ناچاراییەیە کە بەشێک لە خەڵکی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان ڕوویان تێکردووە و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کۆڵبەرانە لەم ڕێگەیەدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕاوەدوونانیان و بەربوونەوە لە بەرزایی گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.