هەژاری و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی منداڵیدا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانن.
ڕاوێژکاری پارێزگاری سیستان و بەلوچستان ڕایگەیاند، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی منداڵیدا و کار کردنی منداڵان، هۆکاری سەرەکی دواکەتن و وازهێنان لە خوێندن لەو ناوچانەیە.
” محەممەد قاسمی” ڕواێژکاری پارێزگاری سیستان و بەلوچستان هەروەها دەڵێ: ” کەمی شوێنی پێویست و هێزی ئینسانی گونجاو لە کێشەکانی ترە کە ئاماری دواکەوتن لە خوێندن لەم ناوچانە دەباتە سەرەوە.”
هاوکات، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگاری سیستان و بەلوچستان ڕایگەیاند کە ناوچەکانی “زاهیدان و چابەهار” لەو پارێزگایە زۆرترین ژمارەی وازهێنان لە خوێندنیان هەیە.
لە ئاواییەکانی ئەم پارێزگایە، زۆربەی قوتابیەکان لەژێر کەپر و لەسەر زەوی وانە دەخوێنن و نیوەی زیاتری قوتابییە کوڕەکان پێش گەیشتن بە قۆناغی ناوەندی لەبەر نەبوونی و نەداری دەچنە بازاڕی کارەوە و هەروەها نزیکەی سێ لە چواری کچانیش دوای تەواکردنی قۆناغی سەرەتایی درێژە بە خوێندن نادەن و ژیانی هاوبەش پێکدێنن.
جێی ئاماژەیە، سیستان و بەلوچستان لە بێبەشترین پارێزگاکانی ئێرانە، کە بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە سەتا ٢٠ی قوتابییەکانی لەگەڵ بەدخۆراکی بەرەوڕوون.
شایانی باسە، ڕێژەی نەخوێندەواری لە پارێزگاکانی ئێراندا بە تایبەت لە سیستان و بەلوچستان و هەروەها پارێزگاکانی کوردستاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهۆی پێڕانگەیشتن و کەمی ناوەندەکانی خوێندن و گوشاری دارایی زۆر بۆ سەر بنەماڵەکان لە بەرزبوونەوەدایە و لە لایەکی تریش بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە بەشێک لە قوتابییەکان ناوەندەکانی خوێندن جێدەهیڵن و ڕوو دەکەنە کار کردن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی هەموو یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان خوێندن مافی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە و پێویستە هەر کەسێک تا تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابین بکرێ.