کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامی هاوخەمییەکانیاندا بۆ کەسوکاری کوژرواوەکانی کەشتییەکەی ئەرتەش، باسێکیان لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون نەکرد.
لە ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ ڕێزگرتن لە کوژراوانی کەشتییەکەی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، کەوتە بەر مووشەکی هێزەکانی خۆیان و بە هەڵە ناویان برد و دوای تێپەڕبوونی ڕۆژێک ئاماری کوژراوەکان ڕاگەیەندرا، بێجگە لە سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم کە پێدەچێ ئەویش هەڵەی کردبێ، هیچ یەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوای ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە نەکرد و وەک ئەوە وایە کە ئەم ڕووداوگەلە بۆ کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کارێکی ئاسایی و تەنانەت پێویستیش بێ و ئەمە تاکتیکێکی ئاشنای کۆماری ئیسلامییە کە جاروبار بۆ سڕینەوەی کەسگەلێکی تایبەت و جاروبار بۆ لە بیربردنەوەی کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕێژیم وەکوو دووپشک بە خۆشیەوە دەدا و کەسانێک دەکاتە قوربانیی بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا .
شایانی باسە کە بە پێی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی ١٩ کەس لەو ڕووداوەدا کوژراون، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لە کوژرانی ٢٩ کەس دەکەن و دەڵێن کە بارودۆخی بریندارەکانیش زۆر خراپە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە، تا دەگاتە کەشتی سانچی و ئاگرتێبەردانی پلاسکۆ و شاردنەوەی کۆڕۆنا و مەرگی گوماناوی ڕەفسەنجانی و زۆر ڕووداوی هاوشێوە، هەموو دەچێتە خانەی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بە هەر نرخێک بێ.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەک هەر گیانی خەڵکی ئێران بەلایەنەوە گرینگ نییە، بەڵکوو ڕێز لەو چەکدارە بەکرێگیراوانەشیان ناگرن کە دەیانپارێزن و خەڵکیان بۆ دەکوژن و ئازادیخوازان و ناڕەزایەتییەکانیان پێ سەرکوت دەکەن.