وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ناردنی ئامێری تێستی کۆڕۆنا لە ئێرانەوە بۆ تورکیە بەدرۆ خرایەوە.
هەواڵدەریی “ئاناتولی” لە زمان کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیەوە ئەو لێدوانەی “محەممەد جەوادی زەریف” وەزیری دەروەی ئێرانی وەدرۆخستەوە کە ڕایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان هەزار ئامێری تێستی کۆرۆنای بۆ وڵاتانی ئاڵمان و تورکیە ناردوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تویتێکدا نووسیویەتی: “کۆماری ئیسلامیی ئێران ٤٠ هەزار ئامێری تێستی کۆرۆنای، دەسکردی پسپۆرانی ئێرانی بۆ هەر یەک لە وڵاتانی ئاڵمان و تورکیە ناردوە”.
لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی تورکیە ئەم وتانەیان بە درۆ خستەوە بەڵام “جەوادی زەریف” و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم پێویستە بیرێک لەو هەموو خەڵکەی تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران بکەنەوە کە ڕۆژانە بە دەست کۆڕۆناوە دەناڵێنن و لە نەخۆشخانەکان گیان لەدەست دەدەن.
کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان لە لایەک بۆ جوانکردنی ڕووی دزێوی دەوڵەتەکەیان و لە لایەکی تر بۆ کردەوەی تێرۆریستی و ئاژاوەنانەوە لە نێو خەڵکی وڵاتانی ناوچەکەدا بە بیانووی خزمەت و هاوکاری، سامان و دارایی گەلانی ئێران بەفیڕۆ دەدەن، پارەی خەڵکی ئێران لەو وڵاتانە بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردێنن و خەڵکی ئێرانیش لەوپەڕی نەبوونی و هەژاری و بێکاریدا ژیان بەسەر دەبەن.