دەیان کەس لە چالاکانی مەدەنی و خەڵکی شارەکانی هرات لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان بەهۆی خنکاندنی دەیان ئەفغانی لە لایەن هێزەکانی سەر سنووری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
لە لایەکی تریش نوێنەرانی مەجلیسی ئەفغانستان و چالاکانی مەدەنی نامەیەکیان بۆ خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ناردوە.
هەروەها ناڕازیان داوایان لە دەوڵەتی ئەفغانستان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە پەروەندەیەک بۆ ئەمە بکەنەوە هەوڵ بۆ ئاشکراکردنی بکەرانی ئەم جینایەتە بدەن.
لەو نامەیەدا کە ڕوو لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نووسراوە، داوایان لە دەوڵەتی ئێران کردوە کە سەبارەت بەم ڕووداوە داوای لێبووردن بکەن و قەرەبووی بنەماڵەی قوربانیان بکەنەوە و بکەرانی ئەم کارە بە سزای خۆیان بگەیەنن.
واژۆکەرانی ئەم نامەیە کە بەشی زۆریان لە ژنانی ئەندام لە مەجلیسی ئەفغانستان و ڕێکخراوی ژنان و چالاکانی مافی ژنان پێکهاتوون ڕایانگەیاندوە کە کۆپییەکی ئەم نووسراوەیە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نێردراوە و چاوەڕێی وڵامی نامەکەن و خوازیارن هەرچی زووترە بەدواداچوونی بۆ بکرێ.
شایانی باسە کە شەوی ١١ لەسەر ١٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لەسەر سنووری ئەفغانستان و ئێران ٥٧ هاوڵاتی ئەفغانی کە ویستبوویان لە سنووری ئێران بپەڕنەوە، لە لایەن هێزەکانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامییەوە پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر ناچار دەکرێن کە خۆیان بخەنە نێو ڕووباری “هەریڕوود” و لە ئاکامدا ژمارەیەک لەو هاووڵاتیانە گیانیان لەدەستدا.












