ڕێکخراوی پزیشکیی قانوونیی ئێران ڕایگەیاند خەسارەکان و ژمارەی قوربانیان بەهۆی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو لە بەرزبوونەوەدایە.
بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ساڵی ڕابردوودا ٤ هەزار و ٤٧٢ کەس بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و دەرمانەکانی هاوشێوەی مادەی هۆشبەر گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی لە سەتا ٢١،٨ زیادی کردوە، کە بە پێی زانیارییەکان لە سەتا ٨٦ی قوربانیانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر پیاو و لە سەتا ١٤یان ژن بوون.
جێی ئاماژەیە، لە نێو ئەو کەسانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەستداوە لە سەتا ٤٦،٨ یان سەڵت و لە سەتا ٥،١ی قوربانیان ژێر تەمەنی هەژدە ساڵ بوون.
ئەم ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاند لە ساڵی ڕابردوودا ٧٨٤ کەس بە هۆی ژەهراویبوون لە ئێراندا گیانیان لەدەستداوە، ئەم ژمارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو لە سەتا ٤،٧ بەرز بووەتەوە و لە پێوەندی لەگەڵ نقوومبوون و خنکان لە ئاودا ئەم ڕێکخراوە باسی لەوە کردوە کە لە ساڵی ڕابردوو ١٢٧٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٧ بە ڕێژەی لە سەتا ٣٦ ئاماری قوربانیان بەرزبووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، کەمتەرخەمی و بێ پلانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێڕاگەیشتن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک وای کردوە کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندابن و خەڵکیش بۆ دەربازبوون لە کێشەو نەهامەتییەکانی ژیان پەنا بۆ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و مادە کحولییەکان دەبەن، لە لایەکی تریش بەهۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ژیانی خەڵک ساڵانە کەسانێکی زۆر بەهۆی خراپی هێڵی گاز لە ماڵەکانیاندا گیان لەدەست دەدەن.