دزی و گەندەڵی بەرپرسان و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و گوێنەدانی خەڵک بە ڕێنماییە تەندروستییەکان پزیشکان و کادری دەرمانی شاری سنەی نیگەران کردوە.
بەشێک لە پزیشک و کادری دەرمانی نەخۆشخانەی “تەوحید”ی شاری سنە لە وتووێژێکدا باسی ئەو ڕەنج و سەختییانە دەکەن کە لەسەردەمی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنادا تووشیان بووە و دەڵێن کە گوێنەدانی خەڵک بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و لە لایەکی دیکەوە دزی و گەندەڵی بەشێک لە بەرپرسانی نەخۆشخانە و زانکۆی پزیشکی شاری سنە و هەروەها نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی نیگەرانی کردووین و ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا نەمانتوانیوە پشوویەک بدەین و بە بنەماڵەکانی خۆشمان ڕابگەین.
هەروەها ڕەخنەیەکی توند لە حکوومەت دەگرن کە هیچ ئیمکاناتێکی بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو شارە دابین نەکردوە و دەڵین ئەوڕێژیمە لە بناغەوە دز و گەندەڵ و زاڵمە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە ئێران و گوێنەدان و خەمساردی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ پێشگیری لە مردنی خەڵک، خەمخۆرانی نیشتمان و چالاکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بە هانای خەڵکەوە چوون، بەڵام نەبوونی ئیمکاناتی پێویست و دزی و گەندەڵیی کاربەدەستانی ڕێژیم کۆسپێکی گەورە بوو لەسەر ڕێی چالاکانی کورد بۆ خزمەت بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەگەڵ هەموو ئەم کۆسپانەش چالاکان و پزیشک و پەرەستار و کارمەندانی نیشتمانپەروەری کورد ئەوەی لە توانایاندا بوو بۆ خزمەت بە گەلەکەیان درێغیان نەکرد.