سەرەڕای هاتنە سەرکاری سەرۆک وەزیرانێکی دیکە لە عێراقدا و گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا و جێبەجێکردنی هەندێک لە داواکاری خۆپیشاندەران، بەڵام خۆپێشاندان لەو وڵاتە بەردەوامە و توندتر بووە و توندوتیژی لێکەوتۆتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە عێراقییەکان سەرەڕای هاتنە سەرکاری “مستەفا کازمی” وەکوو سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق و جێبەجێکردنی دەسبەجێی هەندێک لە داخوازییەکانی خۆپێشاندەران، خۆپێشاندانەکان بەردەوامن.
لەگەڵ ئەوەی کە سەرۆک وەزیران بەڵێنی ئاڵوگۆڕ لە حکوومەت و هەروەها بەڵێنی چاکسازی لە حکوومەتی عێراقدا داوە، بەڵام لە شارە شیعە نشینەکانی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانەکان زیاتر پەرەیان سەندووە و خەڵک تووڕەتر لە جاران پەلاماری بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن و ئاڵۆزی و تێکهەڵچوونی چەکداریشی لێکەوتۆتەوە و کوژراو و برینداریش هەن، بەڵام تا ئێستا ئامارێک لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە خۆپێشاندەران داوای چوونە دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان و هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی سەربەو ڕێژیمە لە عێراقدا و هەروەها چاکسازی بنەڕەتی لە حکوومەتدا و سزادانی دەسەڵاتدارانی تاوانباری حکوومەتی دەکەن.












