ئاماری زیادبوونی حەشیمەتی ئێران پێچەوانەی داواکاری و ویستی خامنەیی و پڕوپاگەندەیەکی زۆری کۆماری ئیسلامی بۆ منداڵبوونی زیاتر بۆ ئەوەی ڕاددەی زیادبوونی حەشیمەت لە ئێراندا بچێتە سەرەوە، ساڵ بەساڵ دادەبەزێ.
بە پێی ئامارێک کە هەواڵدەریی مێهر لە زاری شورای باڵای شۆڕشی فەرهەنگیی ڕێژیمەوە بڵاوی کردۆتەوە، ڕاددەی زیادبوونی حەشیمەت لەچاو ساڵانی پێشتر زۆر کەمبۆتەوە و گەیشتۆتە لە سەتا یەک.
هەر بە پێی ئەو ئامارە لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوییەوە ئاماری منداڵبوون و زیادبوونی حەشیمەت بە هۆکارگەلی جیاواز و لەوانە توانای ماڵی و ئابووری خەڵک و بێهیوابوون بە ژیان لە ژێرسێبەری کۆماری ئیسلامیدا و چوونە سەرەوەی ئاماری جیابوونەوە و کەمبوونەوەی هاوسەرگیری و ترس لە داهاتوو ساڵ بە ساڵ ئاماری زیادبوونی حەشیمەت کەمی کردوە و لە ساڵی ٩٨ گەیشتۆتە لە سەتا یەک.
شایانی باسە کە خامنەیی و بەرپرسانی ڕێژیم بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان ساڵانێکە داوا لە خەڵکی ئێران دەکەن کە منداڵی زیاتریان بێ، بەڵام خەڵک ئەوە بە مافی تاک دەزانن و بێ گوێدانە قسەکانی خامنەیی و لایەنە پێوەندیدارەکان ژیانی ئاسایی خۆیان درێژە پێدەدەن و خۆیان بڕیار لەسەر ژیانی بنەماڵەیی خۆیان دەدەن.












