ڕاگەیەندنەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە کابینەی ئەمنییەتی ئەو وڵاتە لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی سایبری هەککەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر ئەو وڵاتە، دانیشتنێکی نهێنییان بەڕێوەبرد و هێرشی سایبریی ڕێژیم بۆسەر ئەو وڵاتە لە بەرنامە کارییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی کانالی ١٣ی تەلەڤیزیۆنی ئیسرائیل و ماڵپەڕی “ئەکسیوس”، لەو دانیشتنەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بانەمەڕ بەڕێوەچوو، باسیان لەوە کردوە هەرچەندە هێرشی سایبری ئێران بۆسەر ژێرخانی تۆڕی ئاوی ئیسرائیل پووچەڵ کراوەتەوە، بەڵام ئیسرائیل ئەم جۆرە هێرشکردنە بە تەواوی بە نائاسایی دەزانێ و پێشبینی ئەوەی نەکردبوو.
هەروەها ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد، لەگەڵ ئەوەی هێرشی سایبری ئێران زیانێکی وای نەبووە، بەڵام ئەو هێرشە بۆسەر ئامرازەکانی ئاوی شارەکان بووە و ئەوەش کارێکی مەترسیدار وهێڵی سوورە.
شایانی باسە، لە ماوی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوە بۆ چەندەمین جارە دەزگای سایبری ئێران و هاککەرەکانی هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی جیهان و لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو هێرشیان کردبووە سەر ناوەندەکانی زانیاریی تەندروستیی جیهانی و هەروەها کۆلێژەکانی بریتانیا بۆ دزینی زانیارییەکان و زیان گەیاندن بە ناوەندە گرینگ و هەستیارەکانی ئەو وڵاتانە و ئەمەش بۆتە هۆی ڕیسوایی هەرچی زیاتری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو بیروڕای گشتی و کۆمەڵگەی جیهانیدا.












