بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتوە، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی بانە لە ئاوەکانی یوناندا خنکاوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی “ڕاڤیار مەمەندی” کوڕی کاک “عوسمان مەمەندی” خەڵکی ناوچەی بانە لە ئاوەکانی یوناندا خنکاوە. ئەو لاوە کوردە ماوەیەک بوو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتبوو و دەیویست لە ڕێگەی یونانەوە بچێتەوە دەرەوەی وڵات کە لە تەمەنی لاوەتی گیانی لەدەستدا.
“ڕاڤیار مەمەندی” کوڕی کاک عوسمان مەمەندی بوو، کاک عوسمان تەمەنێک لە هێزی ئاربەبای بانە لە خزمەت حیزب و جووڵانەوەی کورددا بوو و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا خەباتی کردوە.
زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان هەردەم بۆتە هۆی ئاوارەیی و دەربەدەری خەڵکی کوردستان و زۆر کەس لەم ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یا لە غوربەت و دەربەدەریدا دوور لە زێد و نیشتمان سەریان ناوەتەوە. ڕاڤیار مەمەندی یەکێک لەو لاوانە بوو کە بەهۆی زوڵم و زۆری دوژمنان لە بنەماڵەکەی دوور کەوتبۆوە و بەهیوای دیدار و بە یەکگەیشتنەوەی بنەماڵەکەی ڕێگەی غوربەتی گرتەبەر کە بەداخەوە نەیتوانی بە دیداری کەسوکاری شادبێتەوە و بە دنیایەک ئاوات و ئارەزووە سەری نایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ڕاڤیار و خزم و کەس و کاری دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین.












